کۆنفرانس

سەرەتایەک لە بارەى رۆژى جیهانى زمانى دایک

رێکەوتى 21/ 2 هەموو سالێک وەکو رۆژى جیهانى زمانى دایک، لە لایەن رێکخراوى یۆنسکۆى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان, دیاریکراوە. ئەم رێكخراوە لە کۆنگرەیەکیيدا لە مانگى نۆڤەمبەرى ساڵى 1999, ئەم رۆژەى وەکو رۆژى جیهانى زمانى دایک ناوزەد کردوە. لە ساڵى 2000 بۆ یەکەم جار ئەم رۆژە مێژوویى و جیهانییە يادى كرايەوە. یۆنسکۆ هۆکارى هەڵبژاردنى رۆژێکى جیهانى بۆ زمانى دایک، گەڕاندەوە بۆ هاوكاريكردنى فرەچەشنى و فرەڕەنگى زمان و کلتورەكان.

هەر لەم روانگەيەوە، کۆمەڵەى گشتى سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵى 2008 ى وەک ساڵى جیهانیى زمانەکان دەستنیشان کرد.

گرنگى زمان لە ژیانى هەر نەتەوەیەکدا

زمان، فاکتەرێكى هەرە سەرەكى مانەوە و لە ناوچوونى نەتەوەكانە. لە هەمانکاتیشدا رەهەندێكى سەرەکى پێكهاتنى شوناسى نەتەوەییە. لە سەدەى حەڤدەهەم بەدواوە، کە دەستپێكى سەردەمى مۆدێرنيتەيە، زمان وەك یەکەم توخمى پێکهێنەر و رێکخەرى هەر نەتەوەیەک چاوى لێ كراوە. هەرچۆنێك بێت زۆرن ئەو زمانانەى کە لەو سەردەمەدا بە هۆى بایەخنەدان و هۆکارى سیاسييەوە لە ناوچون و بە کارهێنەرانى ئێستاکە بە زمانى نەتەوەیەکى تر، قسە دەکەن. بۆ نمونە لە فەرانسا، ئەو زمانەى ئێستاکە هەموو کەس قسەى پێدەکەن پێش سەردەمی مۆدێرن تەنیا 13 لە سەدی خەڵکی فەرانسا بەکاریان هێناوە. لەراستیدا نەتەوەی فەرانسی بەشێکی زۆری لەسەر ئەو 13 لە سەدە پێکهاتووە. جێگەى سەرنجە ئەو شێوازە بووە بە مۆدێلێک کە بە مۆدێلی فەرانسی دەناسرێت و نەيارانى کوردستانیش هەوڵی رەچاوکرنی ئەو مۆدێلەیان داوە.

زمانى کوردى

هەر وەک ئاگادارن، کورد وەک نەتەوەیەکى کۆن زمانى خۆى هەيە, کە لە چەندین دیالێکت و زاراوە پێکهاتووە. بەڵام لە چەندين قۆناغى مێژووييدا لەلایەن داگیرکەرانی ئاخەکەی هەوڵى سڕینەوەى دراوە و جۆرێک لە ئاسیمیلاسیۆنى زمانەكە لە ئارادا بووە. بەڵام پەرچەکردارى کوردیش ئامادە بووە, کە ئەنجامەکەى پاراستنى تايبەتمەندييەكانى ئەو زمانە بووە, تا ئێستاکە بۆتە زمانى فەرمى لەو حکومەتەى کە لە باشورى کوردستان پێک هاتووەو بە هەرێمى کوردستان دەناسرێت.

بەڵام بۆ قەرەبووکردنەوەى زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەى چەندین ساڵە لە بارى زمانييەوەو بۆ بوژاندنەوەى زمانى کوردى لە هەرێمى کوردستان کە بێگومان کار دەکاتە سەر پارچەکانى تریش پێویستیمان بە کارى چڕو پڕ و بایەخدانە بە زمانى کوردى و بە تایبەت بە زمانى دایک. ئەم بایەخدانەش پێويستييەکەى تەنیا بۆ بوارى سیاسى ناگەرێتەوە چونکە ئاخافتن بە زمانى کوردى بۆ هەر منداڵێک پێويستييەکى سەردەمييانەیە و بە پێچەوانەشى کار دەکاتە سەر دەروون و کەسایەتى ئەو منداڵە, بەتایبەت كە ئەمرۆکە هەندێک ناوچەى کوردستانى دابڕێندراو لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە, مەترسى لە ناوچونیان لە بارى زمانى و کلتوورييەوە لە لایەن هەندێک بیرۆکەى شۆڤینى و بەرتەسكەوە لەسەرە.

پێویستى بەرێوەبردنى ئەم کۆنفرانسە لە زانکۆى کۆیە.

مێژووى شارى کۆیە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم شارە شارى شاعیران و هونەرمەندان و ئەدیبان و زمانزانان بووە و رۆڵى بەرچاوى لە گەشەپێدان و ناساندنى زمانى کوردى هەبووە . ناوى کەسانى زمانناس و شاعیرى زۆر هەن کە لە شارە خنجیلانەکەى کۆیە، چاویان بە ژین پشکووتوە و لەسەر ئاستى تەواوى كوردستان جێ پەنجەيان ديارە و هەر دەمێنێ. زانکۆى کۆیەش، وەکو ناوەندی زانستى و ئەکادیمى دەتوانى بۆ وروژاندنى بابەتى زمانى دایک و پرسەکانی زمان و رەهەندە جۆراوجۆرەکانى، دەخوازێ بە گرتنى کۆنفرانسێکى زانستى بێتە پێش و لە ئاستى هەرێمدا لە پاراستنى زمانى دایک و پێشخستنى زمانى کوردى بەشدار بێت.

بێگۆمان بەڕێوەبردنى وەها کۆنفرانسێک, لە یادێكى ئاوا جيهانيدا كە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکانیش بە فەرمى ناسیویەتى و دەستنیشانى کردووە, جێگەى شانازى زانکۆى کۆیە و مامۆستا و خوێندکاران و بە گشتی شاری کۆیەيە. لە هەمانکاتیشدا لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە ساڵانی داهاتوودا دەتوانێ ببێت بە کۆنگرەيەكى فراوانتر لە ئاستی ناوچەيى و نێودەوڵەتیدا؛ پسپۆڕ و شارەزایانی بیانی و جیهانیش تيايدا بەشدار بن. بە تایبەتی کە ئێستا کورد پێویستی بەوە هەیە زمانەكەى و تايبەتمەندييەكانى بە هەموو جیهان بناسێنێت تاوەکوو بایەخ و گرنگی رەسەنایەتییەكەی لە ئاستى رای گشتی جیهانی و ناوەندە ئاکاديمييەكاندا جێگەى شايستەى خۆى بگرێ. هەروەها دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی زمانێکی کوردی کە بە شێوەیەکی کارا ببتە ئامرازی پەیوەندی لە کۆمەڵگای فرەزارەوەیی، فرە ئایینی و فەرچەشنی, کە وەک بۆشایی و پێویستییەکی سەردەمیانە لە هەرێمی کوردستان هەستی پێ دەکرێت.

بەشداريكردن لە كۆنفرانس

بەشداری کردن بۆ هەمووان ئازادە، بە تایبەت کەسایەتیيەکان و پسپۆڕانى بواری زمانەوانی و مێژوو و کۆمەڵناسی و دەروونناسان هەروەها خوێندکاران.

هەندێ میوان تایبەت بۆ ئەم سمینارە بانگكراوون؛
  •  نوێنەری یونسکۆ لە عیراق
  •  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژينەوەى زانستى
  •  ئاکاديميای کوردستان
  •  وەزارەتی ڕۆشەنبیری
  •  وەزارەتی پەروەردە
  •  وەزارەتی ئەوقاف
  •  زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان
  •  سەنتەرى کەلوپووری کوردی
  •  لێژنەی زمانی کوردی لە پارلمانی کوردستان
  •  يەكێتى نوسەران
لێژنەی ئامادەکار داوا لە پسپۆران دەکات وتارەکانی خۆیان بۆ لێژنەی هەڵسەنگاندن تا پانزەی مانگی دوو رەوانە بکەن. وتارەکان دەکرێت لە بازنەی ئەم بابەتانەى خوارەوە بێت.
  • ڕۆڵی زمانی دایک لە مێژووی کوردستاندا
  • ڕۆڵی زمانی دایک لە داڕشتنى ناسنامەی نەتەوەييدا
  • ڕۆڵی زمانی دایک لە سیستمی پەروەردەدا
  • ڕۆڵی میدیا لە پەروەردەکردنی زمان و بنیاتنانی زمانی فەرمی
  • ڕۆڵی زمان یان شێوەزار لە دروستبوونى دەوڵەتى نەتەوەييدا
  • لە شێوەزارەوە بۆ زمانی فەرمی
  • زمان لە دەقە ئایینەکانی کوردستاندا
تکایە توێژينەوە و وتارەكانتان لە ڕێگای ئیمێڵ یان ناردنەوەی پۆست بۆ لێژنەی کۆنفرانس ڕەوانەبکەن.

  هاتن بۆ هەمووانە